نزیكەی دوو ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

22/07/2021

نەوا
نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، لەمساڵدا تائێستا نزیكەی 2 ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و تەنها لە چەند رۆژی رابردودا 200 هەزار گەشتیار هاتوون.
نادر رۆستی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، هیچ داتایەكی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی گەشتیاران بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری شارەكان ، لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار گەشتیار هاتوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا و بۆ جەژنی قوربان، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ژمارەكەش لە بەرزبوونەوەدایە، چاوەڕوان دەكرێت بۆ كۆتایی جەژن ژمارەكە 250 هەزار گەشیار تێپەڕێنێت، ئەمە پێشبینییە و رەنگە ژمارەكە لەوە زیاتر تێپەڕێت.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار جەختیلەوەشكردووەتەوە، بە بوونی ئیدارەیەكی باش و یاسا و رێنمایی و ئەنجامدانی پرۆژەی نوێی گەشتیاری، وەبەرهێنان لە گەشتوگوزار چ كەرتی تایبەت و چ حكومەت، ژمارەی گەشتیاران زیاد دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group