دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بڕیارێکی نوێ لەبارەی گەشتکردن رادەگەیەنێت

25/07/2021 عێراق

نەوا
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق رایگەیاند، پێویستە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە ئەو هاوڵاتیانەی بە نیازی گەشتن بۆ دەرەوە، بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنایان پێبێت.
لە راگەیەنراوێکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق رایگەیاندوە: پاڵپشت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران پێویستە هەر هاوڵاتییەک، کە نیازی گەشتی دەرەوەی هەیە، بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنای پێبێت.
راشیگەیاندوە: بڕیارەکە لە 1-10-2021ەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و جیا لەو بەڵگەنامەیە دەبێت سەرجەم ئەو پێداویستیانەشیان پێبێت کە لەو وڵاتەی گەشتی بۆ دەکەن داواکراوە.
هاوکات روونیشیکردوەتەوە، بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە بە هۆی رەوشی تەندروستییەوە ناتوانن ڤاکسین وەربگرن، یان ئەو کەسانەی لە سێ مانگی رابردوودا تووشی کۆرۆنا بوون، بەو مەرجەی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی رێگەپێدراویان هەبێت و پێش گەشتەکەشیان پێویستە ئەنجامی نێگێتیڤی پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت.
لە کۆتایشدا رایگەیاندوە، کە پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتیاران لە ناوەرۆکی ئەم بڕیارە ئاگادار بکەنەوە و پێوەی پابەندبن.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group