دوو سەركردەی داعش لە سلێمانی دەستگیر كران

28/07/2021

نەوا -
لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاشكرایكرد، 14 چەكداری رێكخراوی داعش دەستگیر كراون كە سیانیان لە رێكخراوەكە سەركردەن، و دوانیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر كراون.
لیوا یەحیا رەسوڵ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، پرۆسەیەكی سەربازی لەلایەن دەزگای دژە تیرۆرەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا ئەنجام دراوە بۆ راوەدونانی پاشماوەكانی رێكخراوی داعش، لەپرۆسەكەدا 14 چەكداری داعش دەستگیر كراون، یەكیان سەركردەیەكی رێكخراوەكەیە بەناوی "ئەبو مەعاز" و لە شاری بەغدا دەستگیر كراوە و لەو بەڵگەنامانەی لە ماڵەكەیدا دەستی بەسەردا گیراوە توانراوە 2 چەكداری تر دەستگیر بكرێت.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق باسی لەوەشكردووە، هەروەها 6 چەكداری تر لە پارێزگای ئەنبار دەستگیر كراون و  هەوڵێكی تەقاندنەوەی تاوەرێكی كارەباش شكستی پێهێنراوە و ئەو چەكدارەی داعش كە هەوڵەكەی داوە دەستگیر كراوە، سەرەڕای ئەوەش چەكدارێكی تر لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر كراوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لەلایەكی ترەوە گورزێكی كوشندە لە كەتیبەی "قەعقاع"ی رێكخراوی داعش دراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانراوە 2 سەركردەی رێكخراوەكە بەناوەكانی "ئەبو عەلی" كە ئامری مەفرەزەی سەربازی رێكخراوەكە بووە و "ئەبو خەنسا" كە ئامری مەفرەزەی بەرگری ئاسمانی داعش بووە دەستگیر كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group