واشنتن پۆست: تاكە سودمەند لەمانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كازمییە

29/07/2021 عێراق

نەوا-
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، تاكە سودمەند لە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق حكومەتەكەی مستەفا كازمییە و واشنتن هیچ سودێك لە مانەوەیان نابینێت، بۆیە باشترە جۆ بایدن هێزەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی بكشێنێتەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، گۆڕینی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە شەڕكەرەوە بۆ راوێژ و راهێنان هیچ شتێك لە راستی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ناگۆڕێت، هێزەكانی عێراق دەتوانن ئاسایش بپارێزن بەڵام مستەفا كازمی خواستی مانەوەی ئەو هێزانەی هەیە كە توانایەكی گەورەی شەڕكردنیان هەیە، تاكە سودمەندیش لێیان حكومەتەكەیەتی.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، سەرۆكی هەردوو وڵات تەنها ئەوە دەڵێن كە چیتر عێراق پێویستی بە هێزی شەڕكەر نییە و ئەركیان دەگۆڕدرێت، بەڵات تائێستاش ئەو دوو سەركردە و هیچ كەسێكی تر لە كۆشكی سپی و پنتاگۆن باسیان لەوە نەكردووە كە مانەوەی ئەو هێزانە سودی ئەمنی بۆ ئەمریكا چییە.
واشنتن پۆست پێشی وایە، باس نەكردنی ئەو بابەتە نیشانەی ئەوەیە مانەوەی هێزەكان هیچ سودێكی بۆ ئەمریكا نییە، رۆڵی ئەو هێزانە هەرچییەك بێت هەر لە ناوچەی شەڕدان و مەترسییان لەسەر دەبێت تەنانەت ئەگەر ناوەكەشیان بگۆڕدرێت، بۆیە باشترین كار بایدن بیكات ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق و سوریا بكێشێتەوە، ئەوەش هیچ كاریگەریەك ناكات سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و ئەنجامدانی هێرشی بەهێز دژی هەڕەشە راستەوخۆكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group