نەوا
حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) رایگەیاند:
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەیان لە شاری هەولێر کوژراوە و شوێنەواری ئەشکەنجە
بە تەرمەکەیەوە دیارە.
لە راگەیەنراوێکدا حزبی دیموکراتی کوردستان
رایگەیاندوە: رۆژی پێنج شەممە موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەیان لە
شاری هەولێر لەلایەن دوو کەسی سەر بە ئێرانەوە رفێنراوە و رۆژی شەممە تەرمەکەی لە
حاڵێکدا ئاسەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوە دیاربووە لە ژووری هۆتێلێک لەو شارە دۆزراوەتەوە.
حزبی دیموکرات لە راگەیەنراوەکەیدا باسی
لەوەکردوە، لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەو بارەوە رادەگەیەنن.
هەر لەوبارەوە ئاسایشی هەولێر رایگەیاندوە،دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە لە رووداوێکی کوشتن لە هۆتیل گوڵی سلێمانی ئەو شارە، دەرکەوت کەسی کوژراو هاوڵاتییەکی کوردی رۆژهەڵاتە بە ناوی موسا باباخانی و لێکۆلینەوە لە تاوانەکە دەستی پێکردوەو دوای تەواوبونی لێکۆلینەوە ئەنجامەکەی رادەگەیندرێت.
موسا باباخانی لەدایکبووی 1982ی شاری کرماشان
بووە و لە ساڵی 1999 چووەتە ریزەکانی حزبی دیموکرات و لە کۆنگرەی 17ی ئەو حزبەدا
بووە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی واتە سەرکردایەتی حدک.
ئەمەش لە کاتێکدایە 14ی تەمووزیش لە نزیک
سلێمانی چالاکوانێکی سەر بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک بە ناوی بێهروز رەحیمی بە دەستڕێژی گولە
کوژرا و کەسوکارەکەشی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان بەو کارە تۆمەتبار کرد.
بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەی عەبدولرەحمان
برومەند کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا 540 بەرهەڵستکاری
ئێرانی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کوژراون، لەو ژمارەیە 380 کەسیان لە هەرێمی کوردستان
کراونەتە ئامانج، بەم پێیە هەرێمی کوردستان بە مەترسیدارترین شوێنی جیهان بۆ
بەرهەڵستکارانی حکومەتی تاران دادەنرێت.