دانیشتنی دادگاییكردنی دوو چالاكوانی بادینان دواخرا

6 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
دانیشتنی دادگایی كردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دوو لە چالاكوانە دەستبەسەركراوەكانی بادینان جارێكی تر دواخرا.
بڕیاربوو ئەمڕۆ هەر یەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دوو لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان لە هەولێر دادگایی بكرێن، كە زیاتر لە ساڵێكە دەستبەسەر كراون، بەڵام جارێكی تر دانیشتنی دادگا دواخرایەوە.
بەوتەی پارێزەرانیان رۆژی 12 ی تشرینی دووەم وەك وادەی دانیشتنی دادگایی كردنی ئەو دوو چالاكوانە دیاریكراوە.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە ئامادەی دانیشتنەكانی پێشووی دادگایی كردنی چالاكوانانی بادینان بووە، لە بارەی دواخستنی دادگایی كردنی ئەو دوو چالاكوانە رایگەیاندووە، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی بچوكترین بەڵگەیان لەسەر نیە، شاهیدەكانیش بێتاوانیان سەلماندن. ساڵێكە لە زیندانی ئاسایشن بۆ ئەوەی ئازادنەكرێن دادگایی دوادەخرێت.
بەدەیان چالاكوانی بادینان زیاتر لە ساڵێكە دەستبەسەركراون و ژمارەیەكی كەمیان تائێستا دادگایی كراون، كە لە نێوان یەك بۆ حەوت ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و لەئێستادا بەشێكی بەرچاو لەو چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستبەسەركراوانە لە مانگرتندان.
دۆسیەی گرتن و سزادانی چالاكوانان و رۆژنامەنوسانی بادینان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە كاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بە هەوڵێك بۆ بەكارهێنانی دادگا لە پێناو سەركوتی ئازادی رادەربڕین و فشارخستنە سەر رەخنەگران و دەنگە ناڕازییەكان لێكدەدرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group