نەوا
ئەنجوومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەشنوسی پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند
کرد و ڕەشنووسی پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبانیشی تاوتوێ کرد.
رۆژی
چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران
جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکوومەتی
هەرێمی کوردستان و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی
پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان.
پاشان
لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوەکانی
جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە
قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو
لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی خۆراکی و تەندروستییەوە، ئەنجوومەنی وەزیران
جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە
بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی (پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025)
کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو، لە کۆبونەوەکەدا بە کۆی دەنگی
ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، بۆ
جێبەجێکردنی پلانەکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دانا عەبدولکەریم
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی
گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو کە لە لایەن وەزارەتی
ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە.
ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە
گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی
مانگێکدا، پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەکەدا بکەن لە ڕووی قانونی و تەکنیکی
وداراییەوە.