لێبوردنی نێودەوڵەتی: لە دە ساڵدا 72 کەس لە گرتوخانەکانی ئێراندا بە ئەشکەنجە کوژراون

15/09/2021 جیهان

نەوا
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند: لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا لانیکەم 72 بەندکراو بە هۆی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی بەرپرسانی گرتوخانەکانی ئێرانەوە کوژراون.
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەو کەسانە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 35 ساڵە و لە 42 گرتوخانەی ئێران بە هۆی ئەشکەنجە و توندوتیژی بەرپرسانی گرتووخانەکان کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ بەرپرسێکی گرتووخانەکانی ئێران لە سەر کوژرانی ئەو 72 کەسە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردن و بێ سەروشوێنکردنی چالاکوانێکی خەڵکی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی یاسر مەنگوری، هەفتەی رابردووهێزە ئەمنیەکانی ئێران هەواڵی کوژرانی ئەو چالاکوانەیان بە خانەوادەکەی راگەیاند.
بە وتەی کەسوکارەکەی و چالاکوانانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، یاسر مەنگوڕی لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەوە رەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، لە پێکدادانێکی چەکداریدا ئەو کەسە کوژراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group