هەوڵێكی كودەتا لە سودان شكستی پێهێنرا

21/09/2021 جیهان

نەوا-
هەوڵێكی كودەتا لە سودان شكستی پێهێنرا و بەهۆیەوە 40 ئەفسەر كە تێوەگلاوون دەستگیر كران و لەژێر لێكۆڵینەوەدان، گفتوگۆش بۆ خۆڕادەست كردن لەگەڵ یەكە سەربازیە بەشدارەكاندا دەستی پێكردووە.
كەناڵی فەرمی سودان لە زاری "ئەبو هاجە" راوێژكاری راگەیاندنی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردووەتەوە، هەوڵێكی كودەتا بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا دراوە، بەڵام شكستی پێ هێنراوە.
لای خۆیەوە محەمەد فەلەكی ئەندامی ئەنجومەنی سەروەری سودان رایگەیاندووە، ئەو كەسانەی هەوڵی كودەتاكەیان داوە 40 ئەفسەرن و دەستگیر كراون و لە ئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
رونیشیكردووەتەوە، هەروەها سوپای سودان لەگەڵ ئەو یەكە سەربازیانەدا كە بەشدارییان كردووە لە هەوڵەكەدا لە گفتوگۆدایە تاوەكو بەبێ‌ بەرگری خۆیان رادەست بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group