داوای دەستپێكردنەوەی پێدانی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت

21/09/2021

نەوا-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات دەست بە پێدانی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان بكرێتەوە، كە نزیكەی پێنج ساڵە بە هۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە و "لەئێستادا حكومەت توانای هەیە ئەو دەرماڵەیە خەرج بكاتەوە".
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە دوو نوسراودا بۆ وەزیرانی دارایی و خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لە بارەی دەرماڵەی خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان و هۆكاری راگرتن و دەستپێنەكردنەوەی پێدانی پرسیاری لێكردوون.
ئەو پەرلەمانتارە لە نوسینێكیشدا كە لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، سەدان‌و هەزاران قوتابی‌ لە دۆخێكی‌ سەختی‌ ژیان‌و گوزەراندا دەست بە ساڵێكی‌ نوێی‌ خوێندن دەكەن، بەتایبەت قوتابیانی‌ هەژار ئەوانەی‌ كە خێزانەكانیان هیچ سەرچاوەیەكی‌ داهاتیان نییە لە دۆخێكی‌ سەخی‌ بژێویدان.
راشیگەیاندووە، لە ئێستەدا داهاتی‌ هەرێمی‌ كوردستان زیاترە لە یەك ترلیۆن‌و سەد ملیار دیناری‌ مانگانە، بە دڵنیاییەوە توانای‌ پێویست بەردەستە بۆ خەرجكردنەوەی‌ ئەم دەرماڵەیە كە پاڵپشتیەكی‌ گەورەیە بۆ قوتابیان.
وەك ئەو پەرلەمانتارە باسی لێكردووە، ژمارەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان نزیكەی 130 هەزار كەسە و بڕی پێویست بۆ دەرماڵەكانیان 50 ملیار دینارە لە ساڵێكدا و بە بڕوای ئەو حكومەت توانای پێویستی بۆ خەرجكردنی ئەو پارەیەی هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group