35 پەرلەمانتار داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو دەكەن

21/09/2021

نەوا-
35  ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنن، سزای نەبەستنی پێوەری ئاو نایاساییە بۆیە داوا لەسەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەو پرسە بەئامادەبوونی  وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار ئەنجام بدات.
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و یەكێك لەو پەرلەمانتارانەی واژۆی لەسەر یاداشتەكە كردوە رایگەیاند، "سزادانی نایاسایی هاوڵاتیان، دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵیەوە. بۆیە لەسەر سزای نایاسایی هاوڵاتیان و كێشەكانی پێوەری ئاو، 35 ئەندامی پەرلەمان، داوای دانیشتنی پەرلەمانمان كردوە، بە ئامادەبونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار."
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەپێی ماددەی 28ی دەستور، هیچ پارەیەك نابێت لە هاوڵاتیان وەرگیرێت، ئەگەر بنەمایەكی یاسایی نەبێت، بۆیە "زیادكردنی هەر ڕسوماتێك دەبێت بەرژەوەندی هاوڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت و لەبەرژەوەندی خەڵكی هەژاردا بێت."
پێشتریش پەرلەمانی كوردستان نوسراوێكی بە مەبەستی تاوتوێكردن ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردبوو، كە تیایدا ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاوی كردبوو.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group