وەزیری دەرەوەی ئێران: گەڕانەوەمان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی پەیوەستە بە هەنگاوەكانی ئەمریكاوە

26/09/2021 جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی بۆ نیویۆرك رایگەیاند، وڵاتەكەی بە پێی هەنگاوە كردارییەكانی ئەمریكا، كۆتا بڕیار لە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی دەدات.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران كە بۆ بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكان لە نیویۆرك بوو، دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی وتی: بۆ گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ئەو پەیام و بەڵێنە زارەكیانە بە هەند وەرناگرن كە ئەمریكا لە رێگەی جیاجیاوە بۆیان دەنێرێت، بەڵكوو تەنها دوای هەنگاوی كرداری واشنتۆن بڕیار دەدەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد، لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوەیەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپا لە نیویۆرك پرسی چۆنێتی گەڕانەوەی وڵاتەكەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ڤییەننای تاوتوێ كردووە.
لەگەڵ هاتنەسەركاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، دانوستانەكانی ڤییەننا بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەستیان پێكرد، بەڵام بە هاتنە سەركاری ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران ئەو دانوستانانە راگیران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group