پۆگبا لە ریاڵ مەدرید نزیكتر دەبێتەوە

03/10/2021 وەرزش

نەوا-
رۆژنامە ئینگلیزییەكان ئاشكرای دەكەن، پۆڵ پۆگبا ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی مانچستەر یۆنایتدی ئینگلیزی هەنگاوێكی تر لە یانەی ریاڵ مەدرید نزیك بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەڕێوەبەری كارەكانی قسەی لەگەڵ یانەی ئیسپانیەكەدا كردووە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئینگلیزییەكان، مینۆ رایۆلا بەڕێوەبەری كارەكانی پۆگبای تەمەن 28 ساڵ داوای لە یانەی ریاڵ مەدرید كردووە لە وەرزی گواستنەوەی داهاتوو ئەستێرە فەرەنسییەكە بگوازنەوە ریزەكانیان.
ئەوەش هاتووە، هەوڵەكانی رایۆلا لەسەر خواستنی ئەستێرە فەرەنسییەكە خۆیەتی كە خەونی ئەوەی هەیە بە درێسی ریاڵ مەدریدەوە یاری بكات.
گرێبەستی پۆگبا لەگەڵ یانەی مانچستەر یۆنایتد هاوینی داهاتوو كۆتایی دێت و تاوەكو ئێستا هیچ رێكەوتنێك نییە بۆ نوێكردنەوەی، پێشتریش باس لە گواستنەوەی بۆ یانەی بەرشەلۆنە دەكرا، بەڵام ئەگەری نییە یانە كەتەلۆنییەكە بتوانێت ئەو ئەستێرە بگوازێتەوە، چونكە نیازی ئەوەی هەیە وەرزی داهاتوو موچەی یاریزانانی كەمبكاتەوە و موچەی ئەستێرە فەرەنسییەكەش زۆرە.
هەروەها یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسیش چاوی لەسەریەتی، بەڵام خواستی یەكەمی پۆگبا بۆ یاریكردن لە ریزەكانی ریاڵ مەدریدە، بۆیە ئەركی یانە ئیسپانییەكە ئاسانە ئەگەر بیەوێت تواناكانی پۆگبا بەدەستبهێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group