پەرلەمانی داهاتووی عێراق 97 ژنی تێدا دەبێت

12/10/2021 عێراق

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی بە توانا كردنی ژنانی سەربە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە ژنە كاندیدە سەركەوتووەكان بۆ پەرلەمانی عێراق دەكات و ئاشكراشی دەكات، بەپێی ئەنجامەكان 97 كاندیدی ژن دەچنە خولی داهاتووی پەرلەمان.
د. یوسرا كەریم موحسین بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بە توانا كردنی ژنان بڵاویكردووەتەوە، سەركەوتنی گروپێك ژن بۆ گەیشتنە خولی نوێی پەرلەمان، ئەنجامی سروشتی هەوڵی ئەو ژنانەیە كە ئازایەتی و سوربوونیان بۆ بەشداری كارا پیشانداوە، ئەوەش سەركەوتنی ژنانی عێراقە و جێی شانازی هەموانە.
رونیشیكردووەتەوە، بەپێی ئەنجامەكان 97 ژن توانیویانە كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن ئەوەش واتای ئەوەیە 14 كورسی لە كۆتای ژنان زیاترە و دوو لە سەركەوتووەكانیش لە كەمینەكانن، هەروەها 57 ژنیان بەهێزی دەنگەكانیان سەركەوتوون بەبێ‌ ئەوەی پێویستیان بە كۆتا بێت.
یوسرا كەریم جەختی لەوەش كردووەتەوە، نامەی راستەقینەی ژن تەنها بە چوونە پەرلەمان ناوەستێت، بەڵكو لەسەر هەموو ژنان پێویستە هەوڵی بەشداری كردن لە قۆناغەكانی پرۆسەی سیاسی و دروست كردنی بڕیار بدەن، هەروەها گرنگی بە كەیسەكانی ژنان و یاسادانان بدەن كە دەتوانن تێیدا مافەكانیان و پێگەیان لە كۆمەڵگەدا بەهێز بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group