ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەنرا

13/10/2021

نەوا
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، پێویستە لەمەوبەدواوە نوێنەرانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق یەكڕیزبن و حكومەتی هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر هەماهەنگییەك لەگەڵیاندا بە هەمو جیاوازی و رەنگەكانیانەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی بە ئاماژەدان سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە: کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق، بەیەکەوە یەکگرتوانەو بەهەماهەنگیی و یەکڕیزی، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستەو مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان، دور لە ململانێی ناوخۆیی، دوپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەمو جیاوازی و رەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف وشایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.
پاشان کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد كە تایبەت بو بە بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی .
لە بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکە،سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچون عەبدولحەکیم خەسرەو، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لە کۆتایی کۆبونەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەر یەک لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group