عەلاوی: رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن 20% تێنەپەڕیوە

14/10/2021 عێراق

نەوا-
ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق دەڵێت، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی دوای هەڵبژاردن هاتووەتە عێراق، پێشی وایە پرۆسەكە دەستوەردانی دەرەكی تێدا كراوە و رێژەی بەشداری كردن 20% زیاتر نەبووە.
ئەیاد عەلاوی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیسماعیل قائانی بە نهێنی هاتووەتە عێراق، ئەو سەردانەش بەبێ‌ دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا نەبووە، بە دڵنیاییەوە دەستوەردانی دەرەكی لە پرۆسەكەدا هەبووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، چیتر هەڵبژاردن بژاردەیەكی گونجاو نییە بۆ گەلی عێراقی، ئەو رێژەی بەشداری كردنەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە راستەقینە نییە و ناوەندەكانی دەنگدان نیمچە چۆڵ بوون، رێژەی بەشداری راستەقینە 20% تێنەپەڕیوە.
عەلاوی پێی وایە، كۆمسیۆن رۆڵێكی خراپی بینی لە سەرپەرشتی كردنی هەڵبژاردن و سەركەوتوو نەبوو، لە ناوچەیەكی فراوانی وڵاتدا ئامێرەكان كاریان نەدەكرد، هەروەها پارەی سیاسی رۆڵی زۆر گەورەی هەبووە لە پرۆسەكەدا، دوای ئەنجامەكانیش كێشمەكێكی نێو ماڵی شیعی زیادی كرد، پێشتر هۆشداری داوە لە كێشمەكێشی"كوردی – كوردی"، "سوننی – سونی" و "شیعی – شیعی"، بەرپرسیارێتی تەواوی پشككاریش لە ئەستۆی هێزە سیاسیەكانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group