كەتیبەكانی حزبوڵڵا: باوكی ساختەكاری هەڵبژاردن كازمییە

14/10/2021 عێراق

نەوا-
كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بە ساختەكاری هەڵبژاردن تۆمەتبار دەكەن و وتەبێژی ئەو میلیشیایە دەڵێت، كازمی باوكی ساختەكاری پرۆسەی هەڵبژاردنە.
ئەبو عەلی عەسكەری وتەبێژی كەتیبەكانی حزبوڵڵا لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، باوكی ساختەكاری هەڵبژاردن سەرۆك وەزیرانە كە متمانەی پێدراوە بۆ پاراستنی دەنگەكانی گەل، لەگەڵ هەندێك لە شوێنكەوتوانی لە دەزگای هەواڵگری بوێری ئەوەیان هەبووە ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕن.
باسی لەوەش كردووە، ئەوەش لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی باڵادەست كراوە و لەو سەرپێچییە یاساییانەی كردوویانە ئەوەیە، ژمارەی كورسیەكانی لایەنەكانی سەربە خۆی بە 15 كورسی زیاد كردووە، 9یان بۆ لایەنێكن كە ناویان "ئیمتداد"ە، لە راستیدا سەرجەم پاڵێوراوانی 4 هەزار و 600 دەنگ كەمتریشیان بەدەستهێناوە.
عەسكەری داواش لەلایەنی دادوەری سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن دەكات، ئابڕوچوونی كێشەی تەكنیكی ئاشكرا بكەن و ئەوەی دەیزانن باسی بكەن بۆ پاراستنی مێژووی خۆیان، ئەگەر بوێری ئەوەشیان نییە ئەوا ئاشكرا دەكرێت و ناوی ئەو بەرپرس و شارەزایانەش بڵاودەكرێتەوە كە تایبەتمەند بوون لەو هەرایەدا، داواش لەو پاڵێوراوانە دەكەن كە دەنگەكانیان دزراوە بەردەوام بن لە ناڕەزایی بۆ گەڕانەوەی مافەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group