فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند بۆ دانووستانەكان كورد بەیەك تیم دەچێتە بەغدا نەك تاكە تاكە.
شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، لە هەولێر سەردانی حزبی شیوعی كوردستانی كرد و دوای كۆبوونەوەكە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و كاوە مەحمود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
فازڵ میرانی لە كۆنگرەكەدا رایگەیاند، "پۆستی پارێزگاری كەركوك هی كوردە و زەرورە كورد لە بەغدا ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیش بوو كە كورد ئەمجارەش كوردستانیەتی كەركوكی سەلماندەوە و توانی شەش كورسی بە دەستبهێنێت".
هێمای بۆ ئەوەشكرد، بەهەمان شێوە لەبەر ئەوەی كورد نەتەوەیی دووەمینەپۆستی سەرۆك كۆماریش لە عیراق وەك ئیستیحقاقی نەتەوەیی دەبێت بۆ كورد بێت، بەڵام دەبێت وەك كورد لەسەر ئەوە گفتوگۆ بكەین كە كێ وەریدەگرێت".
وتیشی: "كورد بە یەك تیم دەڕوات بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە بارەی دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەكانی عیراق بكەن".