تەندروستی عێراق: تاوەكو ئێستا نەچووینەتە شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا

21/10/2021 عێراق

نەوا-
وەزارەتی تەندروستی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە، تاوەكو ئێستا عێراق نەچووەتە ناو شەپۆلی چوارەمی كۆرۆناوە، بەڵام ئەگەری هەیە بچێتە شەپۆلەكەوە، هەروەها رێژەی پێویست ڤاكسین دابەش نەكراوە بۆ ئەوەی كۆت و بەندەكانی تەندروستی لاببرێن.
هەیسەم عوبەیدی بەڕێوەبەری بەشی پاڵپشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، تاوەكو ئێستا عێراق نەچووەتە ناو شەپۆلی چوارەمی پەتای كۆرۆناوە، بەڵام ئەگەری هەیە بچێتە ئەو شەپۆلەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوامن لە هۆشیار كردنەوە و رۆشنبیر كردنی هاوڵاتیان سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا و هەوڵەكانیشیان ئەنجامی باشی هەبووە، بەڵگە بۆ ئەوەش كەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدانە، هەروەها ژمارەی ئەوانەی پێویستیان بە چاودێری وردە لە چاو پێشوودا زۆر كەمترە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەشڵێت، تاوەكو ئێستا رێژەی پێویست ڤاكسین دابەش نەكراوە بۆ ئەوەی كۆت و بەندە تەندروستییەكان لاببرێن، بەهۆی دەنگە ناڕازی و هاندەرەكانەوە لەسەرەتای گەیشتنی ڤاكسینەكان هاوڵاتیان سڵیان لە وەرگرتنی دەكردەوە، بۆیە عێراق دواكەوت لە رێژەی دابەش كردنی ڤاكسینەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group