سەرۆكی هەرێم باسی كێشەكانی بەغدا و هەولێر و دەستوەردانەكانی توركیا دەكات

26/10/2021

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم لەچوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیدا نییە و زیاتر مامەڵەیەكی مەركەزییە، ئاماژەی بەوەشكرد كە توركیا مافی دەستوەردان و لەشكركێشی نیە لەهەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی لەمیانی پێشكەشكردنی پانێڵێك لە دیداری مێری لە شاری هەولێر باسی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد و رایگەیاند، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریكا  و عێراق بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەسەرجەم بوارەكاندا دەرفەتێكی گرنگە، بەڵام لەئێستادا لایەنەكانی عێراق زیاتر سەرنجیان لەسەر كشانەوەی هێزە بیانییەكانە.

ئاماژەی بەوشكرد، لەم كاتەدا زۆرینەی ناوچەكانی عێراق كێشە و داواكاری خزمەتگوزارییان هەیە و باوەڕیانوایە عێراق دەتوانێت سود لەسامانە سروشتییەكەی وەربگرێت بۆ خزمەتكردنی گەلەكەی، لەم بابەتەشدا گەشبینن بە داهاتوی عێراق.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداش وتی، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم لەچوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیدا نییە و زیاتر مامەڵەیەكی مەركەزییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم ئامادەیە لەچوارچێوەی دەستوردا سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.

لەبارەی دەستوەردان و لەشكركێشییەكانی توركیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا كە لەژێر ناونیشانی "گۆڕانی دیمەنی سیاسیی عێراق، ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەت و دروستكردنی عێراقێك بۆ هەموومان بێت"، سازكراوە، وتی: "دەبێت بپرسین توركیا بۆ وا دەكات؟ هۆكاری سەرەكی پەكەكەیە و بە دەنگی بەرز بە توركیا دەوترێت ئەوەی دەیكەن مافی خۆتان نییە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group