داوای كۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان لەسەر خۆپیشاندانی خوێندكاران دەكرێت

23/11/2021 عێراق

نەوا-
دوای فراوانبوونی خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی چەندین شار و ئیدارەی هەرێمی كوردستان، داوا دەكرێت پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەو بارەیەوە بكات.
باڵامبۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی بە ماڵپەڕی حزبەكەی وتووە، ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە 48 ئەندامن، واژۆیان كۆكردوەتەوە بۆ كۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان، دەرماڵەی خوێندكاران لەكابینەی بەرهەم ئەحمەد ساڵح بڕیاری لێدراوە و پێویستە حكومەت ئەو دەرماڵەیە سەرف بكات، ئەگەر پێشتر شەڕی داعش و كۆرۆنا بیانوو بووبێت، لەئێستادا هیچ بیانویەك نیەی تاوەكو خەرج نەكرێت.
ئەو پەرلەمانتار وتوشیەتی، ئێستا بارودۆخی ماددی حكومەتی باشە و ناكرێت هەر چاوەڕوانی 200 ملیارەكەی بەغدا بێت، لەكاتێكدا بەرمیلێك نەوت بە 80 دۆلارە و داهاتی ناوخۆش زیادی كردوە، ئەگەر حكومەت دەیەوێت خۆی لەم قەیرانانە رزگار بكات پێویستە بودجە بهێنێتە پەرلەمان تاوەكو خەڵك و پەرلەمان بزانن كە پارە هەیە یاخود نا.
پێشی وایە، حكومەت بەمەبەست كەرتی خوێندن و تەندروستی و چەند كەرتێكی دیكە بەرەو كەرتی ئەهلی دەبات و ئەمەش وایكردوە داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group