باوكێك لە كاتی هەوڵدان بۆ فرۆشتنی دوو كچەكەی بە گروپێكی مافیایی دەستگیر كرا

28/11/2021 عێراق

نەوا-
پۆلیسی بەغدا بڵاویكردەوە، كەسێكیان دەستگیركردوە كە لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارەدا، هەوڵیداوە دوو كچی خۆی بە گروپێكی مافیایی بفرۆشێت و ئەندامانی گروپەكەش دەستگیر كراون.
پۆلیسی بەغدا لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، فەوجێكی پۆلیسی فریاكەوتن لە بەغدا هەوڵێكی فرۆشتنی دوو كچیان لەلایەن باوكیانەوە پوچەڵ كردووەتەوە كە بەنیاز بووە كچەكانی بە گروپێكی مافیایی بفرۆشێت، ئەویش لە بەرامبەر بڕێك پارەدا.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان گەیشتونەتە شوێنی مامەڵەكە باوكی كچەكانیان دەستگیر كردووە و رادەستی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوان كراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی، هەروەها ئەندامانی گروپەكەش دەستگیر كراون.
بەپێی زانیاریەكانی پۆلیس، گروپەكە لە ژنێك و دوو پیاو پێكهاتوون و لە دەرەوەی بەغداوە بۆ كڕینی كچەكان كە لە دایكبووی ساڵانی 2009 و 2012ن هاتبوون، هۆكاری ئەو كارەی باوكەكەش نەبوونی و خراپی گوزەرانیان بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group