مباپێ‌ و هالاند لە ریاڵا مەدرید نزیكتر دەبنەوە

04/01/2022 وەرزش

نەوا-
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان، كیلیان مباپێ‌ سورە لەسەر رووكردنە یانەی ریاڵ مەدرید و یەكلایی بووەتەوە و تەنها ئەوە ماوە گرێبەست واژۆ بكەن، هەروەها ئێرلینگ هالاند یانە مەدریدیەكەی ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەیە بۆ واژۆ كردنی گرێبەست.
رۆژنامەی ماركا بڵاویكردووەتەوە، یانەی ریاڵ مەدرید سورە لەسەر كۆكردنەوەی "كەریم بن زیما، كیلیان مباپێ‌، ئێرلینگ هالاند و ڤینیسیۆس جۆنیۆر" و دەیەوێت بە چەندین ساڵی داهاتوو هێڵێكی هێرشبردنی ترسناك دروست بكات.
لای خۆشیەوە بەرنامەی "شیرینگیتۆ" جەختی لەوە كردووەتەوە، ریاڵا مەدرید گرێبەستی مباپێ‌ تەواو دەكات و دواتر روودەكاتە ئەڵمانیا بۆ گرێبەست لەگەڵ هالاند، یانەكە توانای ئابوریی هەیە بۆ تەواو كردنی هەردوو گرێبەستەكە بەبێ‌ بوونی كێشەی گەورە.
راپۆرتە وەرزشیەكان باس لەوەش دەكەن، كیلیان مباپێ‌ سورە لەسەر گرێبەست كردن لەگەڵ یانە ئیسپانیەكە و گفتوگۆكانی نێوانیان گەیشتووەتە ئەنجام و تەنها واژۆ كردنی ماوە، تەنانەت مباپێ‌ خانوویەكی لە مەدرید كڕیوە.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، هەروەها هالاند لە نێوان بەرشەلۆنە و ریاڵا مەدرید خۆی یەكلایی كردووەتەوە و ئیدارەی یانە شاهانەییەكەی لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەیە گرێبەست لەگەڵ یانەكەدا بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group