ریاڵ و ڤینیسیۆس كێشەیان هەیە و مانچستەر سیتی لەسەر هێڵە

16/01/2022 وەرزش

نەوا-
یانەی ریاڵ مەدرید تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە بگاتە رێكەوتن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەستێرەی لاوی یانەكەی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی و یانەی مانچستەر سیتیش دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە و یاریزانە بەڕازیلییەكە پەلكێشی ریزەكانی بكات.
رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، مانچستەر سیتی دەیەوێت رێكنەكەوتنی ریاڵ مەدرید و ڤینیسیۆس بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە كە ساڵی 2024 كۆتایی دێت بە هەل وەرگرێت و ئەستێرە بەڕازیلییەكە بگوازێتەوە ریزەكانی.
ئەوەش هاتووە، پیپ گواردیۆلا چاوی لەسەر ئەو ئەستێرە لاوەیە و لەگەڵ كەسە نزیكەكانی قسەی كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی فیران تۆرێس ریزەكانی یانەی ئینگلیزییەكەی جێهێشت و رەحیم ستێرلینگیش ئەگەری هەیە وەرزی داهاتوو بڕوات.
ئەمەش لەكاتێكدایە ریاڵ مەدرید لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەست لەگەڵ هەردوو ئەستێرەی لاو "كیلیان مباپێ‌"ی فەرەنسی و "ئێرلینگ هالاند"ی نەرویجی بكات، ڤینیسیۆسیش كە لەم وەرزەدا ئاستێكی نایاب پێشكەش دەكات، زیاد كردنی موچەكەی كردووەتە مەرجی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group