سامان بەرزنجی: دەزگای دەرمانی عیراق راستەوخۆ دەرمان بۆ كۆگای پارێزگاكان دەنێرێت

10/05/2022 عێراق

نەوا-
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رەتیدەكاتەوە، لە دابەشكردنی دەرمان جیاوازی لەنێوان پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەبێت، بەڵكو دەرمان بە سیستم و لە رێگەی كۆگایەك لە بەغداوە دابەش دەكرێت.
سامان بەرزنجی سەبارەت بە رێگەگرتن لە ناردنی دەرمان بۆ سلێمانی بە میدیاكانی پارتی وتووە، ئەوانەی ئەو قسەیە دەكەن رای گشتی بەلاڕێدا دەبەن، دیارە ئاگاداری شێواز و سیستمی دابەشكردنی دەرمان نیین لە عیراق.
رونیشیكردووەتەوە، چونكە دەزگای دەرمانی عیراق راستەوخۆ دەرمان بۆ كۆگای پارێزگاكان دەنێرێت، دەرمان نە دەدرێتە وەزارەتی تەندروستی نە وەزارەتیش بەرپرسە لە دابەشكردنی دەرمان، تەنها پارێزگاكان خۆیان بەرپرسن لەو دەرمانەی كە بە دەستیان دەگات.
وەزیری تەندروستی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، ئەوانەی باسی دەرمان دەكەن بەو شێوەیە تێدەگەن دەرمان دێتە هەولێر و جارێكی دیكە بۆ پارێزگاكان دابەش دەكرێت، كەچی ئەو بڕە دەرمانەی دەدرێت بە پارێزگاكان بە نوسراویش لە بەغداوە نایەتە وەزارەتی تەندروستی، كۆگایەك هەیە لە بەغدا راستەوخۆ دەرمان بۆ هەموو كۆگاكانی تەندروستی پارێزگاكانی عیراق و هەرێم دەنێرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group