نەوا-
ئاژانسی وەزارەت بۆ كاروباری پۆلیس سەربە وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكرای كرد، لە بەغدای پایتەخت تۆڕێكی بازرگانی مادەی هۆشبەریان هەڵوەشاندووەتەوە و 11 تۆمەتبار دەستگیر كراون.
ئاژانسەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، بە پرۆسەیەكی جۆریی ئەمنیدا لە رێگەی زانیاری وردی هەواڵگری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵیەكان، تۆڕێكی بازرگانی كردن بە مادەی هۆشبەرەوە هەڵوەشێنرایەوە.
رونیشكراوەتەوە، لە پرۆسەكەدا 11 تۆمەتبار دەستگیر كراون، هەروەها دەستیش بەسەر 16 كیلۆ لە مادەكانی جۆری كریستاڵ و حەشیشە و ئامێرەكانی بەكارهێنانی ئەو مادانەدا گیراون.
ئاژانسەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، بەپێی مادەی 28ی مادە هۆشبەرەكان تۆمەتباران رادەستی لایەنی دادوەری كراون بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە.