حكومەتی هەرێم كێشەی كورتهێنان بۆ دابەشكردنی موچە چارەسەر دەكات

17/05/2022

بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوەیەكی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەكان و كورتهێنانی موچەو گرفتە داراییەكانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامدرا.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبونەوەكە، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەداوە كە ئامانجی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە بۆ چارەسەر كردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی رابردوو لە سنوری  پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دروستبوە تایبەت بە كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ موچە. 
جە‌ختیشكراوەتەوە‌ كە‌ ئەركی لە پێشینەی حكومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بكات كە پەیوەندیدارە بە موچەو بژێوی هاووڵاتیان و حكومەت بەیەك چاو سەیری هەموو ناوچەكان دەكات و ئەرك و بەرپرسیارێتی كابینەكەشە چارەسەری كێشەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ موچە بكات لە هەر پارێزگاو ناوچەیەكی هەرێم هەبێت.
پاشان هۆكارەكانی كورتهێنان و كێشە داراییەكان و پێشنیارەكانی چارەسەركردن بە داتاو ژمارەی پێویست خرانەڕوو بڕیاردراوە بەڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی موچە لە پێش هەر خەرجیەكی دیكە، هەروەها دابینكردنی پارەی پێویست بۆ تەواوكردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگەو لە هەمانكاتدا لە كۆبونەوەكە بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە كەسانی پسپۆڕو شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و ناوخۆ بەهەماهەنگی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانكییەكان  بۆ بەدواداچونی راستیەكان سەبارەت بە داهاتە گشتیەكان و گەیشتن بەڕاست و دروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەكرێن. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group