كوڕێك لە سلێمانی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە چەند كچێك دەكات

28/05/2022

نەوا
بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەند كچێك كردووە، تۆمەتبارێك لە شاری سلێمانی دەستگیر كرا.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای ئەوەی كچێك لە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ سكاڵای یاسایی لەسەر كوڕێك تۆماركرد كە هەڕەشەی لێكردووە بەبڵاوكردنەوەی چەند وێنە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد.
رونیشكراوەتەوە، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار كە لەدایكبووی ساڵی 1987ە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت، دوای لێكۆڵینەوەكان و لەكاتی پشكنینی موبایلەكەیدا، دەركەوت كە سوكایەتی و هەڕەشەی لە چەندین كچی تر كردووە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group