یەكەم وێنەی رەنگاورەنگی گەردوون بڵاوكرایەوە

12/07/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكی ناسراو بە "ناسا" یەكەم وێنەی رەنگاو رەنگی گەردوونی بڵاوكردەوە، كە لەلایەن تێلسكۆپی "جەیمس وێب"ی ئاسمانییەوە گیراوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكی ئاشكرایان كردووە، یەكەم وێنەی رەنگاو رەنگی گەردوون لە كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی "جۆ بایدن" سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی ناسا پیشان درا، وێنەكە بە تیشكی ژێر سوور لەلایەن تێلسكۆپی "جەیمس وێب"ەوە گیراوە، كە لە مانگی یەكی ئەمساڵ گەیشتە خولگەی خۆر، ئەوەش دوای بڕینی 930 هەزار كیلۆمەتر لە خولگەی خۆرەوە.
بەپێی زانیارییەكان، تێلسكۆپەكە چەندین چاكسازی تەكنەلۆژی تێدا كراوە و لە رێگەیەوە دەتوانرێت قوڵاییەكی زۆرتری گەردوون بە وردەكارییەكی زۆرترەوە ببینن، ئەوەش بەهێزترین تێلسكۆپە تاوەكو ئێستا نێردرابێتە بۆشایی ئاسمان.
شارەزایانی ناسا باس لەوە دەكەن، جەیمس وێب دەتوانێت وردترین و قوڵترین وێنەی گەردوون بگرێت بەشێوەیەك كە تاوەكو 13 ملیار ساڵی رووناكی دوور بێت، ئەو وێنەیەشی گیراوە هەزارەها كاكێشانی تێدایە و وردترین تەنەكان پیشان دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group