لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان: لەگەڵ هەمواركردنەوەی دەستورداین

10/08/2022

سێ حزبی هەرێمی كوردستان یاداشتێكی كراوە ئاڕاستەی رای گشتی و حزب و لایەنە سیاسیەكانی تری هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە راگەیەنراوێكدا لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان كە پێكهاتون لە حزبەكانی شیوعی، زەحمەتكێشان، بزوتنەوەی دیموكراتیی لە یاداشتێكدا چەند خاڵێكیان لەسەر رۆشنایی و خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن بۆ پەرەسەندنەكانی رەوشی گشتی عیراق خستۆتەڕوو لە بەشێكیدا رایگەیاندوە، بنبەستی سیاسی و ئاڵۆزبونی ناكۆكیەكانی نێو رەوتی سیاسی شیعە رەنگدانەوەیەكی دیكەی قەیرانی مێژی دەوڵەتە لە عیراقدا و ئەمڕۆش بەشێوەی ململانێ لە سەر دەسەڵات و رێكنەكەوتن لەسەر دامەزراندنی حكومەت و بونی دادگای فیدراڵی بە بەشێك لە ململانێی سیاسی و دەستێوەردانی وڵاتی ئیقلیمی رەنگدەداتەوە.
راشیانگەیاندوە، هەڵوێستی یەكگرتوی كوردستانی كە پشت بە متمانەو ئیرادەی گەلی كوردستان ببەستێت پێویستەو سەبارەت بە بابەتی دەستور ئێمە لەگەڵ هەمواركردنەوەی دەستورین لە چوارچێوەی میكانیزمی ئەو مادانەی كە خودی دەستوری ئێستا بۆ هەمواركردنەوە ئاماژەی پێكردوەو مەبەستمان پاراستنی مافی هەرێمی كوردستانە كە دەستورێك بە زۆر بە بەسەریدا فەرز نەكرێت و لە هەموو حاڵەتێكدا دەستور دەبێ بە رەزامەندی پێكهاتەكان بێت.
هەروەها دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەبێت لە چوراچێوەی رێڕەوە دەستورییەكان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بێت ئەمەش پێویستی بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن هەیە كە عیراق یەك بازنە بێت و لە هەموو رویەكەوە زەمینەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد فەراهەم بكرێت و كار بۆ هەڵوێستێكی كوردستانی یەكگرتوو سەبارەت بەم بابەتە بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group