پاشماوەی گیاندارێكی نەناسراو دۆزرایەوە كە 50 ملیۆن ساڵ پێش دایناسۆڕەكان ژیاوە

06/09/2022 هەمەڕەنگ

نەوا
پاشماوەی بە بەردبووی گیاندارێكی نەناسراو دۆزرایەوە كە 300 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا واتا 50 ملیۆن ساڵ پێش دایناسۆڕەكان لەسەر زەوی ژیاوە.
تۆڕی CBC كەنەدی بڵاویكردووەتەوە، مامۆستایەكی قۆناغی ناوەندی كاتێك لەگەڵ سەگەكەیدا لە كەنارەكانی دورگەی "ئەمیر ئێدوارد" پیاسەی كردووە، هەستی كردووە شتێك لەناو قۆڕی كەنارەكەدایە كە رەنگی سورە، دوای ئەوەی لێی ورد بووەتەوە بۆی دەركەوتووە كە پاشماوەی ئێسكەپەیكەری گیاندارێكە.
رونیشكراوەتەوە، دوای ئەوەی زانایان ئاگادار كراونەتەوە و پشكنین كراوە، دەركەوتووە كە پاشماوەی گیاندارێكی خشۆكە یاخود لە خشۆكەوە نزیكە و تەمەنی بۆ 300 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
لای خۆیەوە جۆن كالدێر زانای جیۆلۆجی و پاشماوەكان بە تۆڕەكەی وتووە، 50 یاخود 100 ساڵ جارێك دۆزینەوەیەكی لەو شێوەیە روودەدات، جۆرێكی تایبەتە و ئەگەری هەیە ئەو پاشماوەیە بەهۆی كاریگەری كەشوهەواوە كەوتبێتە كەنارەكە، وردەكاری پاشماوەكە سەرسوڕهێنەرە و رێگەی بە شارەزایان داوە كە بۆیان دەركەوێت كە ئەو گیاندارە زۆر پێش دایناسۆڕەكان ژیاوە.
بەپێی توێژینەوەكان، دایناسۆڕەكان 245 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیاون و 66 ملیۆن ساڵیش پێش ئێستا لەناوچوون، بۆیە سەردەمی گیاندارە دۆزراوەكە بە "كۆتایی سەردەمی كاربۆنی و سەرەتای سەردەمی پێرمیان" ناودەبرێت"، زانایان پێیان وایە، نزیكەی ساڵێكی دەوێت تاوەكو جۆری گیاندارەكە بەتەواوەتی دیاری دەكرێت.
تاوەكو ئێستا كۆنترین بونەوەر كە زانرابێت لەسەر زەوی بۆ 541 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە كە بە سەردەمی "كامبری" ناسراوە و لەو سەردەمەوە گیاندارەكان پەرەیان سەندووە و شێوەی جیاجیا دەركەوتووە، بەپێی وتەی زانایان پێش ئەو سەردەم بونەوەرەكان تەنها لە خانەیەك یاخود چەند خانەیەك پێكهاتوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group