رێژەی توشبون بە كۆلێرا لە رۆژئاوای كوردستان لە هەڵكشاندایە

22/09/2022

لیژنەی رزگاركردنی نێودەوڵەتی سەر بە نوسینگەی هەرێمیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، هۆشداری دەدات لە بڵاوبونەوەی خێرای پەتای كۆلێرا لە رۆژئاوای كوردستان.
ئەلیاس ئەبو عەتا سەرۆكی لیژنەی رزگاركردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپیەكی بۆ رادیۆی نەوا ناردوە تیایدا ئاماژەیكردوە، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوەكانی كاروباری تەندروستی سەر بە رێكخراوی هاریكاریی لە رۆژئاوای كوردستان، حاڵەتەكانی توشبون بە پەتای كۆلێرا بەخێرایی زیاد دەكەن و لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاكەوە لە 10-9ـەوە تائێستا 2 هەزارو 92 حاڵەتی گومانلێكراو تۆمار كراون، هەروەها ئاگادار كراوینەتەوە كە 10 توشوبو بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەلیاس ئەبو عەتا راشیگەیاندوە، مەترسیەكی زۆر لە ئارادایە كە هەندێك لە گومانلێكروان كەوتبنە ناوچەكانی ترەوەو ئاگاداری پەتاكە نەبوبن، رێژەكەش بەبەردەوامی لە زیادبوندایە.
سەرۆكی لیژنەكەی رزگاكردنی نێودەوڵەتی وتوشیەتی: ئێستا 7 ملیۆن ئاوارە لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا هەیە زۆرێكیان لە خێمەی بچوك و خانویەكی كاتیدا ژیان بەسەر دەبەن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانیش وەكو ئاوی پاكی خواردنەوەیان بەكاتی بۆ دابینكراوە. بەهۆی شەڕیشەوە لەو وڵاتە گەیشتنی ئاوی پاك بە رێژەی 40% كەمبۆتەوە.
ئەلیاس ئەبو عەتا داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە پشتیوانی زیاترو خێراتر بۆ پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆكان دابین بكەن، هەروەها لەروی تەندروستیشەوە كەلوپەل و دەرمانی پزیشكی رەوانە بكەن بۆ چارسەركردنی پەتای كۆلێراو رێگرتن لە تەشەنەسەندنی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group