سەنتەری میترۆ: بە هۆكاری سیاسی رێگری لە رۆژنامەنوسان دەكرێت روماڵ بكەن

24/09/2022

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بڵاویكردەوە، روماڵی چالاكی بەردەم كونسوڵخانەكان تاوان نییە.
لە راگەیەنراوێكدا سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاندوە، لەكاتی بەڕێوەچونی ناڕەزایەتی لەبەردەم كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، هێزە ئەمنییەكان بە هێز رێگریان لە روماڵی هەندێ لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرد روماڵی ئەو چالاكیە بكەن، سەرنجمانداوە چەند جارێك كە تیمەكانی راگەیاندن دەچن بۆ روماڵكردنی ئەو چالاكیانەی دژ بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئێران و توركیا رێگریان لێدەكرێت و بەهێز كەلوپەلی رۆژنامەوانیان زەوت دەكەن.
سەنتەری میترۆ ئاماژەشیكردوە، لە هەموو دونیا میدیاكان لە چالاكی بەردەم كونسوڵخانەكان ئازادانە كاری خۆیان دەكەن لای ئێمە قەدەغەكراوە، ئەمە بە هۆكاری ئەمنیەتی ئەو كونسوڵخانانە ئەنجام نادرێن بەڵكو هۆكارەكان سیاسین، هەروەها لە یاسای رۆژنامەگەری بەندێكی تیادا نییە ئاماژە بدات كە روماڵی چالاكی بەردەم كونسوڵخانەكان قەدەغەبن و فەزای كاركردنی مەیدانی میدیاكاران خەریكە بە تەواوەتی دادەخرێت و یاسای رۆژنامەگەری پەكدەخرێت و هەر هێزەو ئیدارەیەك لەشارەكانی هەرێم بە ئارەزوی خۆیان یاسا بۆ رۆژنامەنوسان دادەنێن.
سەنتەری میترۆ راشیگەیاندوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت كەڵەكەبونی ئەم پێشێلكاریانە زیانی بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەو ئەو رەفتارانەی هێزی چەكداری ئەمنی بەرامبەر رۆژنامەنوس كە تەنها كامێرایەكی هەڵگرتوە مایەی شەرمەزراین بۆ بكەرانی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group