نێچیرڤان بارزانی و سودانی لەسەر چەند مەلەفێكی گرنگ كۆبوونەوە

22/11/2022 عێراق

نەوا
ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەسەر چەند مەلەفێكی گرنگ كۆبوونەوە.
نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سودانی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی یاوەری كردووە، لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە گرنگی یەكگرتوویی و هەماهەنگی كراوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ئابوریی و خزمەتگوزاریەكان و باشكردنی گوزەرانی هاوڵاتیان.
ئەوەش هاتووە، هەروەها باس لە گرنگی چارەسەر كردنی مەلەفە كێشە لەسەرەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان كراوە، بەشێوەیەكی مافی سەرجەم پێكهاتەكان پارێزراو بێت.
لە بەیاننامەكەدا باس لەوەشكراوە، لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سودانی كردووە بەهۆی وەرگرتنی ماتمانەی حكومەتەكەی و گەشبینی خۆشی بۆ توانای حكومەتی نوێ پیشانداوە كە دەتوانێت وڵات بگەیەنێتە قۆناغێكی جیاوازن، بەشێوەیەك زمانی لێكتێگەیشتن و چارەسەر زاڵبن، هەروەها باس لە مەلەفەكانی ئاسایشی ناوچە سنوریەكان كراوە و جەخت لە پاراستنی سەروەری عیراق و رەتكردنەوەی پێشێلكاریەكان و بەكارهێنانی هێز لە خاكی عیراقە و دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ‌ كراوە.
بڕیارە هەر لە سەردانەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و چەند بەرپرسێكی تری باڵای عیراق كۆببێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group