وەزارەتی كارەبا: سیستمی پێوەری زیرەك لە قۆناغی كۆتاییدایە

24/11/2022

نەوا
وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، بەستنی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا لە قۆناغی كۆتاییدایە و نزیكەی یەك ملیۆن و نیو پێوەر بەستراوە، بە هیچ شێوەیەكیش خوێندنەوەی هەڵەی تێدا نییە.
پێگەی فەرمی حكومەت لە زاری ئەندامێكی لیژنەی باڵای پرۆژەی زیرەكەوە بڵاویكردووەتەوە، لە ئێستا بەستنی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا لە قۆناغی كۆتاییدایە و زیاتر لە ملیۆنێك و 320 هەزار  پێوەر  بەستراوە و ئەو كێشانەی دروست بوون لە ماوەی لەسەرەتای پڕۆژەكەدا بۆ هاوبەشان چارەسەر كراوە.
وتوشیەتی، یەكێك لە خاڵە ئەرێنییەكانی پرۆژەكە بۆ هاوبەشان ئەوەیە بە هیچ شێوەیەك خوێندنەوەی هەڵەی تێدا نییە و سەرپێچی و زیاد بەكارهێنانی كارەباش راستەوخۆ ئەو سیستمە قبولی ناكات، ئەمەش وای كردووە هاوبەشانی كارەبا سودمەندی یەكەم بن تێیدا.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا باسی لەوەش كردووە، وەزارەتەكە هەوڵیداوە بە باشترین سیستم سێكتەری كارەبا بەرەو پێش ببات و دوای ئەوەی دیراسەی سیستمی چەند وڵاتێكی پێشكەوتوو كراوە لە بواری كارەبای نیشتیمانی، یەكێك لەو سیستمانەی زۆرترین كاری پێ دەكرێت و سەركەوتوو بووە پێوەری زیرەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group