بابەكر زێباری: پێویستە وڵاتان خۆیان سنورەكانیان بپارێزن

24/11/2022

نەوا-
راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنوری خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ ناكەن.
بابەكر زێباری راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە: وڵاتانی دەوروبەر بەهانە دروستدەكەن بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، وڵاتی ئێران لەناوچەی خواكۆڕكەوە تاسنوری ئەرمینیاو پاكستان و ئەفغانستان هەموی تەلبەند كردوەو سنوری كۆنتڕۆڵ كردوە، با سنوری خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەهەمانشێوە كۆنتڕۆڵ بكەن بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەكانی سەر سنور، توركیاش بە هەمانشێوە پێویستە خۆی سنوری خۆی كۆنتڕۆڵ بكات، چونكە پێویستە ئەو وڵاتانە سنوری خۆیان بپارێزن، خۆ ئێمە بۆیان ناپارێزین.
زێباری راشیگەیاندوە: وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنوری خۆیان لەگەڵ هەرێم كۆنتڕۆڵ ناكەن، ئەگەر بەئەنقەست نەبێت بۆچی توركیا سنوری خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیكە بە درێژایی زیاتر لە 900 كیلۆمەتر بەشێوەیەك توند كردوە مشكیش ناتوانێت دەرباز بێت، لەگەڵ ئێرانیش توركیا 700 كیلۆمەتری كۆنتڕۆڵ كردوە، بەڵام پرسیار لەوەدایە بۆچی توركیا سنوری خۆی لەگەڵ هەرێم كە 300 كیلۆمەترە كۆنتڕۆڵ ناكات.
بابەكر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: سێ لیوای پاسەوانی سنور لەهەرێمی كوردستان هەن و سەر بەحكومەتی فیدراڵین، پاسەوانی سنور رۆڵی هەیە لە دانانی بنكەی سنوری، بەڵێنی ئەوەشیان پێداوین ژمارەی پاسەوانی سنور زیاد بكرێن لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر زیادكردنی خاڵی سنوری.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group