پۆلیسی راپەڕین دەستگیر كردنی 8 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەری راگەیاند

28/11/2022

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستگیر كردنی 8 كەسی بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر راگەیاند،ە كە تەمەنیان لە نێوان 22 بۆ 24 ساڵە و ماددەكانی كریستاڵ و هێرۆینیان پێ گیراوە.
لەو بارەیەوە شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، بنكەی پۆلیسی حاجیاوا بە هاوكاریی بنكەی پۆلیسی ماكۆك 8 كەسیان بە تاوانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كردووە.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو تۆمەتبارانە ماددەكانی كریستاڵ و هێرۆینیان كێشاوە و لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و بەپێی یاسای ماددە هۆشبەرەكان راگیراون.
وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەش كردووە، دوای لێكۆڵینەوەی ورد، چەند تۆمەتبارێكی دیكەش لە سنووری ئیدارەی راپەڕین فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بەشێكیان بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە كردووە و بەشێكیشیان ماددەی هۆشبەریان بەكارهێناوە و ئێستا لە هەوڵی دەستگیركردنیاندان.
ئاشكراشی كرد، تۆمەتباران سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن و تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 24 ساڵە و ئێستا لە گرتن و گواستنەوەی راپەڕین ماوەی راگرتنەكەیان بەسەردەبەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group