چەند راسپاردەیەك بۆ بەكارهێنانی سیستمی غاز دەركرا

28/11/2022

نەوا-
لە پارێزگای سلێمانی لێپرسراوانی یەكە ئیدارییەكان كۆبونەوەو چەند راسپاردەیەكیان سەبارەت بە غازی ماڵان دەركردو وەك پێشنیار رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەكەن.
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: چەند راسپاردەیەك ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بۆئەوەی كارەساتێكی تری وەك تەقینەوەی خانوەكەی كازیوە رونەداتەوە لەهەمانكاتدا هۆشیاری بەهاووڵاتیان بدرێت.
وتیشی: ئەو راسپاردانە وەك پێشنیاز لە داهاتودا دەینێرین بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەوانە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و بەرگری شارستانی چاوبخشێننەوە بەپێدانی مۆڵەتی دروستكردنی بینا، هەروەها وەبەرهێنان دانانی سیستمی غاز بكات بە مەرج بۆئەوەی سیستمەكە ناوەندی بێت.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: هەمو لایەنەكان كۆكبون و جەختیاكردنەوە كە كاركردن بە تایبەتمەندیەكانی عیراق واتە یاسایەك هەیە پێی دەوترێت تایبەتمەندیەكانی عیراقی كە هەمو هەنگاوەكانی سەلامەتی تیادایە لەشێوازی تانكی غازو بەكارهێنانی بۆرییەكان و بەستنی سیستم و كەلوپەلەكانی كە لەدەرەوە دەگاتە ناو هەرێمی كوردستان.
وتیشی: خاڵێكی تر بەشێكی زۆر لە سیتییەكان سیستمەكایان ناوەندییە، بەڵام بەشێكی زۆر لەبەر گرانی غاز وازیان لەناوەندێتی سیستمەكە هێناوەو خۆیان بەكاریدەهێنن ئەمەش دەبێت رێگەی لێ بگیرێت.
وتیشی: پێویستە دەستەیەكی پشكنینی غاز پێكبهێرێت و ئامێری پێشكەوتویان هەبێت ئەگەر حكومەتی هەرێم دابینی بكات دەتوانرێت كۆنترۆڵی كەموكوڕییەكانی غاز بكرێت، هەروەها پێدانی مۆڵەت بە ناوەندیی نەكرێت واتە ئەگەر كەسێك یاخود كۆمپانیایەك بیەوێت مۆڵەت دەربكات نەگەڕێتەوە بۆ هەولێرو لەسلێمانی كاروبارەكانی بۆ رایی بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group