عالیە نوسێف: هەولێر رادەستكردنی یەكێك لە تێوەگلاوانی دزی سەدە رەتدەكاتەوە

29/11/2022

نەوا
عالیە نوسێف جێگری سەرۆكی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، هەولێر رەتیدەكاتەوە حسێن كاوە رادەست بكات، كە تۆمەتبارە بە دزینی 680 ملیار دینار، ئەوەش دەیسەلمێنێت كە كەسانی گەورە لە پشتیەوەن.
عالیە نوسێف لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كردووە، لیژنەكەی فەریقی یەكەم ئەحمەد ئەبو رەغیف رێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكات كە تێوەگلاون لە گەندەڵییەوە، داوای پارەیان لێ دەكات و هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی و هێنانی ژنەكانیان بۆ گرتووخانە دەكات.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، هەروەها ئیحسان عەبدولجەبار دوای ئەوەی كە نەیتوانی لە دوبەی لەگەڵ دزەكان رێكەوێت و پارەی دەستكەوێت، ئەو كاتە هات دزییە گەورەكەی ئاشكرا كرد، ناشتوانێت ئەوە رەتبكاتەوە.
نوسێف هەر بەوەوە نەوەستاوە و هەولێرشی تۆمەتبار كردووە بەوەی، رەتیدەكاتەوە حسێن كاوە كە لە دایكبووی ساڵی 2000 و تۆمەتبار بە دزینی 680 ملیار دینار رادەست بكات، ئەوەش دەیسەلمێنێت كە كەسانی گەورە و باڵادەست لە دزییەكەوە تێوەگلاون و هەولێر پاڵپشتی كردوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group