نەوا-
خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت دژ بە بەرزبونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بەهای دراوی نیشتمانی كە دینارە ئەنجامدرا.
خۆپیشاندەران لە نزیك باڵەخانەی بانكی ناوەندیی عیراق لە بەغدا گردبونەوەو داوایان لە حكومەت كرد، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەربە دۆلار رابگرن و نرخی ماددە خۆراكییە بنەڕەتییەكانی وەك هێلكە دابەزێنرێت.
چەند رۆژێكە بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی بەردەوامە لە دابەزین و لە 23ی ئەم مانگە بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق لە پۆستەكەی دورخرایەوەو عەلی موحسین عەلاق لە پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندیی بە وەكالەت دانرا.
لە دوای ئەم گۆڕانكارییە هەرچەند بە رێژەیەكی كەم بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا بەهاكەی بەرزبویەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە بانكی ناوەندیی عیراق بۆ یەك دۆلاری ئەمریكی هەزارو 470 دیناری دیاریی كردوە، بەڵام لە بازاڕی رەش و بازاڕی ئازاددا، یەك دۆلار بە هەزارو 590 بۆ هەزار و 620 دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.