مانگی هۆشیاری بۆ شێرپەنجەی كۆڵۆن

04/03/2023 هەمەڕەنگ

نەوا-
هەموو ساڵێك مانگی مارس دیاریكراوە بۆ هۆشیاری لەشێرپەنجەی كۆڵۆن و پسپۆڕانی تەندروستی باس لەگرنگی پشكنینی پێشوەخت و پشتیوانی تووشبووان و چاكبووەكان و خێزانەكانیان دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشیە.
بەپێی ئامارەكان لەسەر ئاستی جیهان شێرپەنجەی كۆڵۆن بەسێیەم جۆری باوی جۆرەكانی شێرپەنجە دادەنرێت و دەگاتە لە10%ی كۆی جۆرەكانی شێرپەنجە و ئەم نەخۆشیە لەنێو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا ڕێژەكەی بەرزە و لە65%ی كۆی تووشبوون لەنێو وڵاتانی پێشكەوتوودایە.
شێرپەنجەی كۆڵۆن باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو پیاوان و دووەم جۆری شێرپەنجەی باو دادەنرێت لەنێو ژنان لەدوای شێرپەنجەی مەمك و بەدووەم هۆكاری گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجە دادەنرێت لەجیهان و ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیكەی یەك ملیۆن كەس. شێرپەنجەی كۆڵن چیە:
- شێرپەنجەی كۆڵۆن و ناسراو بەشێرپەنجەی ناوسك بریتیە لەجۆرێكی شێرپەنجە كە لەناو كۆڵۆن و بەشەكانی ناوسك دروست دەبێت بەهۆی ڕوودانی گەشەكردنێكی ناسروشتی خانەكان كە توانای هێرشكردن و بڵاوبوونەوەی هەیە لەبەشەكانی دیكەی لەش.
زۆرینەی جار شێرپەنجەی كۆڵۆن وەك گرێیەكی پاك یان وەك گرێیەكی گۆشتی دەستپێدەكات و بەتێپەڕبوونی كات دەگۆڕێت بۆ شێرپەنجە.
هۆكارەكانی مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن:
- سیستمی خۆراكی خراپ و قەڵەویی.
- جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحول.
- كەمی جووڵە و چالاكی جەستەیی.
- خواردنی گۆشتی سور و گۆشتە چارەسەركراوەكانی وەك گۆشتی سوێركراو و ووشككراو و گۆشتی لەقتوونراو و گۆشتی خۆشكراو.
- نەخۆشیەكانی هەوككردنی ناوسك.
- تێكچوونی جیناتی بۆماوەیی كەتەنیا لە5%ی حاڵەتەكان پێكدەهێنێت.
دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن:
* ئەو جۆرە نەخۆشیە لەرێگەی وەرگرتنی نمونەیەك لەكۆڵۆن لەرێگەی هەناوبینی دەست نیشان دەكرێت لەدوای وێنەگرتنی پزیشكی بۆ دیاری كردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە.
پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بەرێوشوێنێكی چالاك دادەنرێت بۆ رێگرتن و كەمكردنەوەی گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەی كۆڵۆن و پزیشكان رێنمایی دەدەن ئەو جۆرە پشكنینانە لەسەرەتای تەمەنی پەنجا ساڵیەوە تاوەكو حەفتاو پێنج ساڵی بكرێت.
چارەسەركردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن:
* ئەو نەخۆشیە چارەسەر دەكرێت لەرێگەی كۆكردنەوەی چەند شێوازێك ئەوانیش نەشتەرگەری و چارەسەری تیشكی و چارەسەری كیمیایی و چارەسەر لەرێگەی شەپۆلەوە.
ئەو شێرپەنجانەی لەناو دیواری كۆڵۆندان زیاتر شایەنی چارەسەركردنن لەرێگەی نەشتەرگەری، لەكاتێكدا قورسە چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیە لەكاتی بڵاوبوونەوەی و گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دیكەی لەش.
نیشانەكانی تووشبوون بەشیچرپەنجەی كۆڵۆن:
لەنیشانەكانی تووشبوون بەم جۆرە شێرپەنجەیە بریتیە لەبوونی خوێن لەناو پیسایی و قەبزبوونی توند یان سكچوون و سك ئێشە لەگەڵ لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و كێش و هەستكردن بەگێژبوون و هیلاكی بەردەوام و ڕشانەوە.
ڕوودانی خوێنبەربوون یان تووشبوون بەكەم خوێنی بەنیشانەی مەترسیدار دادەنرێت لای ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو پەنجا ساڵیەوەیە و زۆرینەی شێرپەنجەی كۆڵۆن بەهۆكاری پەیوەندیدار بەشێوازی ژیان و بەساڵاچوون لەگەڵ ژمارەیەكی كەمی حاڵەتەكان بەهۆكاری بۆماوەیی ڕوودەدات.
دەكرێت مەترسیەكانی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن كەمبكرێتەوە لەرێگەی گرتنەبەری شێوازێكی ژیانی تەندروست و كەمكردنەوەی هۆكارە مەترسیدارەكانی ئەو نەخۆشیە وەك قەڵەوی و كەمی جوڵەی جەستەیی و سیستمی خۆراكی خراپ و جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحول.
خواردنەوەی پێنج كوپ ئاو لەرۆژێكدا و خواردنی میوە و سەوزەوات و كەمكردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی دەستكاری كراو رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن و هەروەها زیادكردنی چالاكی جەستەیی وەك رۆیشتن و پاسكیلسواری و سەركەوتن بەقادرمە لەبری بەكارهێنانی بەرزكەرەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسیەكان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group