قوباد تاڵەبانی: گرنگە لەفرۆشتنی نەوتدا كێ باشترین نرخی پێ پەیدا دەكرێت

16/03/2023

نەوا-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بە پینەوپەڕۆ كردن كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەر نابن.
لە پانێڵێكی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بە پینەوپەڕۆ كردن كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەر نابن، بەڵكو تەنها چارەسەری راستەقینە دوادەخات و كێشەكان زیاتر كەڵەكە دەبن بەسەر یەكداو ئەمەش مەترسیدارە بۆ داهاتوی هەموو لایەك.
لەبەشێكی تردا قوباد تاڵەبانی رایگەیاندوە، كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتی و یەكجارەكی هەیە، رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز چارەسەرە بنەڕەتیەكەیەو دەرگا بەڕوی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكەش دەكاتەوە.
وتوشیەتی: چەندین ساڵە لەسەر بنەمایەكی هەڵە موناقشە دەكەین، گرنگ نییە كێ نەوت دەفرۆشێت، گرنگ ئەوەیە كێ باشترین نرخی پێ پەیدا دەكرێت و بە شەفافترین شێوە دەیفرۆشێت، لەئەنجامدا داهاتێكی زیاترو بودجەیەكی شەفاف و شایستەمان دەستدەكەوێت تا بتوانین ئابوری وڵاتەكەمان ببوژێنینەوەو خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانمان دابین بكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group