ئەنجومەنی ئاسایش: هەلیكۆپتەرەكە لەنێوان رۆژئاوا و سلێمانیدا فڕیوە

19/03/2023

نەوا - 
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەوان تەنها كەوتنەخوارەوەی یەك هەلیكۆپتەر و گیانلەدەستدانی 7 كەس پشتڕاست دەكەنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەسەسە بڵاویكردەوە كە 2 هەلیكۆپتەر كەوتوونەتە خوارەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە،  دژەتیرۆری كوردستان لە راگەیەندراوی سەرەتایی خۆیدا روونی كردەوە كە یەك هێلیكۆپتەر كەوتووەتە خوارەوە و چەند كەسێكیش گیانیان لە دەستداوە كە بەپێی بەڵگەكان سەر بە پەكەكەن.
ئەوەش هاتووە، لە راگەیەندراوێكدا كە لە رێكەوتی 17/3/2023 بڵاوبووەتەوە هەسەدە دانی بە كەوتنەخوارەوەی دوو هێلیكۆپتەر و گیانلەدەستدانی 9 كەسدا ناوە كە سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتن، بەڵام ئەوان تاوەكو ئێستا تەنیا كەوتنەخوارەوەی یەك هێلیكۆپتەر و گیانلەدەستدانی 7 كەس پشتڕاست دەكەنەوە، ئەو هێلیكۆپتەرانە لەنێوان رۆژئاوا و سلێمانی فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەكانی هەرێم ئاگادار بكەنەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەپێی زانیاری و بەڵگەكانی بەردەست ئەم هێلیكۆپتەرانە لە چەند بنكەیەكی پارێزگای سلێمانی دادەبەزن و بەرەو رۆژئاواش دەفڕن، زانیارییەكان دەریدەخەن كە لایەنێك لە سلێمانی بە شێوەیەكی نهێنی و نافەرمی رێگەخۆشكەر بووە بۆ پەیوەندییەكانی هێزەكانی هەسەدە و پەكەكە و بە چەندین جۆری جیاواز هاوكارییان كردوون.
ئەنجومەنەكە داواشی لە هاوپەیمانان و حكومەتی فیدراڵی عیراق كردووە، رونكردنەوە بدەن كە ئەم هێلیكۆپتەرانە بە كام مۆڵەت لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەفڕن و كێ بەرپرسیاریەتی ئەم كارە نایاساییانە هەڵدەگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group