ئاماری توشبوان و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربون لە عیراق راگەیەنرا

23/05/2023 عێراق

نەوا-
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماری توشبون بە تای خوێنبەربونی لەمساڵدا راگەیاند.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاندوە، بەگوێرەی كۆتا ئامار كە تۆمار كراون لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، توشبون بە پەتای تای خوێنبەربون لەعیراق گەیشتۆتە 128 حاڵەتی تۆمار كراو و 18 گیانلەدەستدان.
بەدر راشیگەیاندوە، زۆرترین توشبو و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربون لە پارێزگای زیقار تۆمار كراوەو وەزارەتی تەندروستی توانیویەتی توشبوانی پێشوەختەش بەنیشانەكان دەستنیشان بكات، چونكە نەخۆش پێش دەركەوتنی نیشانەكانی ئەگەری چاكبونەوەی هەیە، بەڵام ئەگەر كەسی توشبو خۆی دوابخات ئەوا ئەگەری گیانلەدەستدانی زیاترە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەشیكردوە، رۆڵی سەرەكی بۆ بنبڕكردنی ئەو پەتایەو رێگریكردن لێی لەئەستۆی وەزارەتی كشتوكاڵدایە لە رێگەی لەناوبردنی ئەو مێروانەی نەخۆشیەكە دەگوازنەوە، هەروەها داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانیش دەكەن چارەسەری بابەتی گواستنەوەی ئاژەڵ لە رێگەی ناتەندروستەوە بكەن كە لەنێوان شارو پارێزگاكاندا ئەنجام دەدرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group