گومرگی عیراق: دەستمان بەسەر 42 بارهەڵگردا گرت كە لە هەرێمی كوردستانەوە هاتوون

07/06/2023 عێراق
نەوا - 
دەستەی گشتی گومرگی دەستی بەسەر دەیان بارهەڵگردا گرت، كە هەوڵدراوە بەشێوەیەكی نایاسایی لە هەرێمی كوردستانەوە ببرێنە پارێزگای نەینەوا.
گومرگی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، مەفرەزەكانیان توانیویانە شكست بە هەوڵی دزەپێكردنی 42 بارهەڵگر بهێنن، كە هەوڵدراوە بە نایاسایی لە هەرێمی كوردستانەوە ببرێنە پارێزگای نەینەوا، بەڵام لە دەروازەی پارێزگاكە دەستیان بەسەردا گیراوە.
رونیشكراوەتەوە، پرۆسەكە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ پۆلیسی گومرگ و بارهەڵگرەكان ماددەكانی "دەرمان و پێویستی پزیشكی و ئۆتۆمبێل و بەردی مەڕمەڕ و شوشەوات و پاكەرەوە" بووە.
رونیشكراوەتەوە، هەروەها بەشێكی تری ماددەكان پێكهاتوون لە "لەوحە و قرمیدی پلاستیك و بۆری پلاستیكی و پێڵاو و  پێداویستی ناوماڵ و وایەر و چیمەنتۆ و خواردنەوەی وزەبەخش و بابەتی بیناسازی و چەندین بابەتی تر"، كە پێچەوانەی مەرجەكانی هاوردەكردن بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group