نەوا -
عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر پرسی ئاو و گۆڕانی كەشوهەوا رایگەیاند، هاوڵاتیان بەشێكی گرنگن لەپاراستنی ئاو، ئەركی هەموومانە لە حكومەت و هاوڵاتی پارێزگاری لە ئاو بكەین.
عەلی رەشید لە كۆنفرانسی كەش و هەوا و ئاسایشی خۆراك مەترسییەكانی زێدەڕۆیی ئاو لە هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەر پرسێكی گرنگ كۆبوینەوە، ئەویش پرسی گۆڕانكاری كەشوهەوا و قەیرانی ئاوە، ئەو دوو ئاڵنگارییە گەورەی كە لەبەردەم جیهاندایە هەرێمی كوردستانیش پشكی شێری بەركەوتووە، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا هەم بۆتە هۆكاری دروستبوونی لافاو لەهەمانكاتیشدا دەبێتە هۆكاری وشك ساڵی.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆیە ئەم دوو ئاڵنگارییانەی لەپێشمانە دەبێت بزانین چۆن پێكەوە ئەو كێشانە كەمبكەینەوە، بێگومان هاوڵاتیانیش بەشێكی گرنگن لەپاراستنی ئاو، هەروەها ئەركی هەموومانە لە حكومەت و هاوڵاتی پارێزگاری لە ئاو بكەین.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتیشی، پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی 2040 یەك لەسەر چواری دانیشتووانی گۆی زەوی تووشی قەیرانی ئاو بێت، بۆیە دەبێت خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە، ئەمەش پێویستی بە كۆمەڵێك تەكنیك و وردەكاری هەیە.