نەوا -
عەبدولئەمیر شممەری وەزیری ناوخۆی عیراق رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان دەریدەخەن هۆڵەكەی حەمدانییە مەرجی سەلامەتی و ئاسایشی تێدا نەبووە، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش لە 72 كاتژمێردا ئاشكرا دەكرێن.
عەبدولئەمیر شممەری سەبارەت بە روداوی ئاگركەوتنەوەی هۆڵی ئاهەنگگێڕانەكەی حەمدانییە باسی لەوەكردووە، لە ماوەی 72 كاتژمێردا ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە لە روداوەكە ئاشكرا دەكرێن، دواتر ئەنجامەكان دەخرێنە بەردەم سەرۆكوەزیران بۆ لێپرسینەوە لەو كەسانەی كەمتەرخەمن.
سەبارەت بە ئەنجامە سەرەتاییەكان وتویەتی، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و دەریدەخەن هیچ مەرجێكی سەلامەتی لەو هۆڵەدا نەبووە كە نزیكەی 900 كەسی تێدا بووە، دەزگا ئەمنییەكان 14 كەسیان دەستگیر كردووە لەنێویاندا 10 كرێكار و خاوەنی هۆڵەكە و سێ كەسی دیكە كە بە گڕدانی یارییە ئاگرینەكان لە كاتی روداوەكە تۆمەتبارن.
بەهۆی ئاگری هۆڵەكەی حەمدانییە لەكاتی ئاهەنگێكی بوك و زاوادا، 94 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 كەسیش بریندار بوون.