"تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو دەبێت 700 ملیارەكە بگاتە هەرێم"

پێش 3 هەفتە

نەوا-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو 700 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ موچەی فەرمانبەران دەنێردرێت. 
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە: حكومەتی هەرێم نوسراوی فەرمی كردوە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی قەرزی 700 ملیاری موچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، ئەوان داوای تەرازوی پێداچونەوەیان كردبو، رۆژی دوشەممە 20-11 بۆیان نێردرا.
وتەبێژی حكومەت وتوشیەتی: ئەوەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوە بۆ دابینكردنی موچەو ناردنی 700 ملیارەكە جێبەجێی كردوە، بۆیە دەبێت تا كۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو 700 ملیارەكە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان.
لەبارەی موچەی سێ مانگی نادیاری فەرمانبەران پێشەوا هەورامانی رایگەیاندوە، هەردو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بەغدا بۆ ناردنی موچەی سێ مانگی(10، 11 و 12) بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێن بۆئەوەی مافەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێشێل نەكرێن و لێكتێگەیشتنی باشیش لەنێوان هەردولادا هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group