عیراق: بەرەو تەواوكردنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەڕۆین

29/02/2024 عێراق

نەوا-
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، لیژنە سەربازییەكانی عیراق كۆنوسی كۆبونەوەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرزكردوەتەوە و بەرەو تەواوكردنی هەنگاوەكانی كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەڕۆن.
لیوا یەحیا رەسوڵ  وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سێ لیژنە لاوەكییەكە كە لە لیژنەی باڵای سەربازیی كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دروستكراون، كۆبونەوەكانیان لە بەغدا ئەنجامدا لەگەڵ هاوتاكانیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی ناو خشتەی كارەكانی، بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسی تیرۆر و ژینگەی ئۆپراسیۆنەكان و بژاردەكانی ئێستاو ئایندە، بۆ پتەوكردنی توانای هێزە چەكدارەكانی عیراق.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لیژنەكان كۆنوسی كۆبونەوەكانیان پێشكەشكردوە بەمەبەستی تەواوكردنی پێداویستیەكانی پلانی كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، و هەنگاونان بۆ پەیوەندییە دوقۆڵییە فراوانەكان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group