بانكی TBI: بەشداری لە پرۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەین

پێش 2 هەفتە

نەوا-
بانكی بازرگانی عیراق TBI رایگەیاند، بەشداریكردن لە پڕۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین بە پابەندبون بە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی و لەسەر بنەمای رێنماییەكان لە محەحەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە.
لە راگەیەندراوێكدا بانكی TBI بڵاویكردۆتەوە، شاندێكی تایبەتمەند لە بانكی بازرگانی عیراق بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكەكە لەگەڵ شاندێكی تایبەتمەند لە حكومەتی هەرێم لە پارێزگای هەولێر سەبارەت بە میكانیزمی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبۆتەوە، لە میانی كۆبونەوەكەدا باس لە پێداویستییەكانی پرۆسەی كردنەوەی هەژمار و دەركردنی كارت كراوەو هەروەها جێگیركردنی ATM لە سەرتاسەری هەرێم بۆ دابینكردنی پرۆسەی راكێشانی پارە لەلایەن فەرمانبەرانەوە.
باس لەوەشكراوە، شاندی بانكی بازرگانی عیراق TBI ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ تەوتینی موچەو پێدانی كارتی ئەلیكترۆنی بە فەرمانبەرانی حكومی لە هەرێم، بانكەكە چاوەڕێی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ ناردنی لیستی ناوی فەرمانبەران كە موچەكانیان لەگەڵیدا جێگیر دەكرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی تەوتینی موچە دەست پێبكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group